نەوەی نوێ دەبنە خاوەن ملیاران دۆلار لە موڵک و ماڵ؛ دەوڵەمەندەکانی کوردستان چۆن منداڵەکانیان فێری "ئیدارەدانی سەروەت" دەکەن؟
realestate

2026-01-22

نەوەی نوێ دەبنە خاوەن ملیاران دۆلار لە موڵک و ماڵ؛ دەوڵەمەندەکانی کوردستان چۆن منداڵەکانیان فێری "ئیدارەدانی سەروەت" دەکەن؟

لەنێوان ساڵانی ٢٠٢٦ بۆ ٢٠٣٦، گۆڕانکارییەکی گەورە لە بازاڕی عەقاراتی جیهان و ناوچەکە ڕوودەدات. ئەو سەروەتە زەبەندەی لە دەستی نەوەی کۆن بوو، ئێستا خەریکە دەگوازرێتەوە بۆ دەستی گەنجەکان (نەوەی X و میلینیال).

بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێ لە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوکراوەتەوە، لە دە ساڵی داهاتوودا زیاتر لە ١.٢ ملیۆن کەس کە سەروەتەکەیان لە ٥ ملیۆن دۆلار زیاترە، بڕی ٣٨ ترلیۆن دۆلار بۆ میراتگرەکانیان جێدەهێڵن. لەم بڕە پارەیەش، پشکی شێر بەر عەقارات و خانوو و تەلار دەکەوێت.

باوکەکان زووتر و گەورەتر بۆ منداڵەکانیان دەکڕن

پێشتر وا باو بوو باوک یارمەتییەکی منداڵەکەی بدایە بۆ کڕینی یەکەم خانوو، بەڵام ئێستا لە بازاڕی "لوکس"دا شتەکە گۆڕاوە. باوکە دەوڵەمەندەکان چاوەڕێ ناکەن بمرن ئینجا میرات بۆ منداڵەکانیان بمێنێتەوە؛ ئەوان ئێستا لە کاتی ژیانی خۆیاندا، گرانترین ڤێلا و شوقە بۆ منداڵەکانیان دەکڕن.

ئەم تەمایەش شێوازی بازاڕی گۆڕیوە. بۆ نموونە، ئەگەر جاران گەورە بازرگانەکانی کوردستان لە گەڕەکە کۆنەکان و لای "شەقامی شەست مەتری" خانوویان دەگرت، ئێستا نەوەی نوێ حەزیان لە پڕۆژە مۆدێرنەکانە وەک (ئیمپایەر، دریم سیتی، یان گوندی ئینگلیزی و ئیتالی).

برۆکەرێکی عەقارات دەڵێت:

"پێشتر باوکەکان دەهاتن بە ٣٠ یان ٤٠ دەفتەر دۆلار شوقەیەکیان بۆ کوڕەکەیان دەگرت، بەڵام ئێستا دەبینین باوکەکە دێت ملیۆنێک دۆلار (١٠٠ دەفتەر) یان زیاتر دەدات بە ڤێلایەکی مۆدێرن تەنیا بۆ ئەوەی کوڕەکەی یان کچەکەی لەوێ دابنیشێت."

جیاوازی تامی نەوەکان: مۆدێرنە دژی کلاسیک

لە بازاڕی خانوبەرەی ئێستادا، "کۆندۆمینیۆم" یان پڕۆژە نیشتەجێبووەکان کە خزمەتگوزارییان هەیە، زۆر زیاتر بازاڕیان هەیە لە خانووی ئاسایی. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە گەنجەکان (نەوەی نوێ) حەزیان بە ئازادی و ئاسانکارییە. ئەگەر سبەی کوڕەکە بیەوێت بچێتە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن یان ئیش، دەتوانێت بە ئاسانی شوقەکە بە کرێ بدات یان بیفرۆشێت.

تەنانەت دیزاینەکان گۆڕاون؛ ئێستا ئەو پڕۆژانەی شوێنی "پۆدکاست" یان هۆڵی وەرزشی و مەلەوانگەی تێدایە، زیاتر سەرنجی نەوەی نوێ ڕادەکێشن، نەک تەنیا دیزاینێکی کلاسیکی قورس.

پلان بۆ ١٠٠ ساڵ: ترسی "بەهەدەردانی پارە"

بۆبی کاسترۆ، کە بازرگانێکی گەورەیە و خاوەنی ٥٠٠ ملیۆن دۆلارە، دەڵێت: "من زۆر دەترسم لەوەی ئەو هەموو ڕەنجەی من و خێزانم کێشاومانە، نەوەی دووەم (منداڵەکانم) بە هەفتەیەک هەمووی بە با بدەن."

ئامارەکان دەڵێن ٧٠٪ی نەوەی دووەم ناتوانن ئەو سەروەتەی بۆیان دەمێنێتەوە بیپارێزن. هەر بۆیە دەوڵەمەندەکان ئێستا "پلانێکی ١٠٠ ساڵە" دادەنێن. ئەوان تەنیا پارە نادەن بە منداڵەکانیان، بەڵکو فێریان دەکەن چۆن ئیدارەی کۆمپانیا و عەقارات بدەن.

لە کوردستان چی دەگوزەرێ؟ لێرەش هەمان شت بەدی دەکرێت. ئەو بازرگانانەی ساڵانی نەوەد و دووهەزارەکان پارەیان پەیدا کرد، ئێستا خەریکە ئیدارەی ئیشەکانیان دەدەنە دەست کوڕ و کچەکانیان کە زۆربەیان لە دەرەوە خوێندوویانە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی نرخی عەقارات لە ناوچە گرانبەهاکان (وەک گەڕەکەکانی دەوروبەری شەقامی ١٠٠ مەتری و ١٢٠ مەتری هەولێر) هەمیشە لە بەرزبوونەوەدا بێت.

 

ئەو بابەتە لە رۆژنامەی وۆل جۆرناڵ ستریت وەرگیراوە و دەستکاری کراوە

https://www.wsj.com/real-estate/luxury-homes/millennial-genx-inherit-real-estate-wealth-d78b4454